فیقهناسان لە كۆن و نوێدا دابەشبوون بۆ سێ‌ راو بۆچوون:

zەئی یەكەم: پێیوایە بە هیچ جۆر دروست نیە سەرفیترە بە پارە بدرێ‌، بەڵكوو دەبێ ساعێك لەو خواردنە بدرێ‌ كە خواردنی زۆرینەی خەڵكی ئەو شارەیە، یان نیو ساع لە گەنم لای هەندێكیان، ئەمەش مەزهەبی كارپێكراوە لای مالیكی و شافیعی و حەنبەلییەكان. (سەیری: بدائع الصنائع 2/205 چاپی: دار إحیا‌و التراپ العربی، وە مۆسسە التأریخ العربی 2000م، وە حاشیەی ئیبن عابدین 2/79، وە الشرح الكبیر مع الدسوقی 1/805، و نهایە المطلب 3/420، والروچە 2/301، و مغنی المحتاج 3/116، والفروع 2/ 540 بكرێ‌).

مەزهەبی زاهیریش هەمان ڕەئی هەیە، تەنانەت وتوویەتی كە بە خورما و بە جۆ نەبێت دروست نیە، (سەیری المحلی ی ئیبن حەزم 6/118 بكرێ‌).

ڕەئی دووەم: پێیوایە كە لە هەموو بارێكدا بە ڕەهایی دروستە كە بە پارە دەربكرێ‌، ئەمەش مەزهەبی ئەبوو حەنیفە و ئەبوو یووسفە، ئەبوو جەعفەری تەحاوی كە فیقهناس و فەرموودەناسە و لای حەنەفییەكان متمانەپێكراوە، كاری بەم ڕەئییە كردووە، كە ئەویش لە سوفیانی سەوری و عومەری كوڕی عەبدولعەزیز و حەسەنی بەسری و كەسانی تریشەوە گێڕدراوەتەوە، ڕیوایەتێكیش لە ئەحمەدەوە هاتووە كە لەبەر زەروورەت یان بەرژەوەندییەكی بەهێز كار بەم ڕەئییە دەكرێ‌، ئەمەش ڕەئی زۆرینەی هەرە زۆری زانا هاوچەرخەكانە، هەروەها ڕەئی دەستەی جیهانیی پرسە هاوچەرخەكانی زەكاتە، هەروەها ڕەئی شێخی پێشووتری ئەزهەر مامۆستا مەحموود شەلتوت و مامۆستا یووسف قەرەزاوییە. (سەیری سەرچاوە فیقهییە پێشووەكان بكرێ‌).

ئیبن ئەی شەیبە لە موسەنەفەكەیدا لە (قڕە)وە گێڕاویەتەوە كە وتوویەتی: (نوسراوی عومەری كوڕی عەبدولعەزیمان دەربارەی سەرفیترە پێگەیشت كە نیو ساعە -واتە لە گەنم- بۆ هەر كەسێك، یان نرخەكەی كە نیو درهەمە)، حەسەن وتوویەتی: خراپ نیە گەر یەك درهەم لەجیاتی سەرفیترە بدرێ‌، ئەبوو ئیسحاق وتوویەتی: (گەیشتمەوە پێیان كە لەجیاتی دەركردنی سەرفیترە نرخی خواردنەكەیان بە درهەم دەدا. سەیری: مصنف ئەبی شەیبە بكرێ‌  3/174). 

پێشەوا سەرخسی وتوویەتی: (فیقهناس ئەبو جەعفەر  بە رەحمەت بێت دەیوت: نرخەكەی بدرێ‌ باشترە، چونكە سودی بۆ هەژار زیاترە، ئەوەی كە پێویستییەتی بەو نرخە دەیكڕێ‌ ، باسەكەش لەسەر گەنم و جۆ بووە، چونكە كڕین و فرۆشتن لەو كاتەدا لە مەدینە بەوان بووە، بەڵام لە ناوچەو وڵاتی ئێمە ئەوا كڕین و فرۆشتن بە پارە ئەنجام دەدرا، كە خۆشەویستترینی ماڵ و سامانەكانەو دەركردنی سەرفیترە بەو باشترە). تەنانەت ئەم گوتە پێشووەی داوەتە پاڵ ئەبو یوسف و وتوویەتی: (بە درهەم باشتر و لەپێشترە لە ئارد، چونكە پێویستی هەژار باشتر بەڕێدەكات، هەروەها خێراتریشە، بەهەمانشێوەش ئارد لە گەنم باشترە). سەیری: المبسوط (2/149) بكرێ‌.

ڕەئی سێیەم: پێیوایە ئەسڵ ئەوەیە سەرفیترە بە ساعێك لە خواردن دەربكرێ‌، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی بەهێز، یان پێویستبوون بە دەركردنی بە نرخ، یان بە دەستەواژەیەكی تر بڵێین وەها بێت كە پارەی نەقد بۆ هەژاران لە خواردن باشترە.

ئەمەش ڕەئی ئەبوو ئیسحاق ڕاهویە و ئەبوو سەورە، لە مەوسوعە فیقهییەكەی سوفیانی سەوری دا هاتووە كە: (ئەگەر نرخی خواردەمەنیەكە بە پارە بدرێ‌ ئەوا سودی بۆ هەژار زیاترە و دروستە، چونكە مەبەست پێی بێنیازكردنی هەژارانە لە دەستپانكردنەوە، هەروەها بۆ بەجێگەیاندنی پێویستییانە لە ئەمڕۆدا)، ئەمەش هەمان بژاردەی شێخی ئیسلام ئیبن تەیمییەیە. سەیری: موسوعەی فیقهی سوفیانی سەوری ل473 بكە.

بەڵگەی مەزهەبە فیقهییەكان:

یەكەم: ئەو زانایانە كە رێگرن لەوەی زەكاتی سەرفیترە بە پارە بدرێ‌ ئەم بەڵگانەیان هەیە:

1- ئەو فەرموودە راست و دروستانە كە پێماندەڵێن پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم زەكاتی سەرفیترەی بە ساعێك لە خورما...تادوایی دیاریكردووە، لێرەدا باسی بەهاكەی بە پارە نەكردووە كە ئەگەر دروست بوایە ئەوا باسی دەكرد، بەم پێیەش ئەوا هەركەس بە نرخی خواردەمەنیەكە دەری بكات ئەوا فەرمانی پێغەمبەری صلی الله علیە وسلم جێبەجێ‌ نەكردووە.

2- زەكاتدان پەرستش و نزیكبوونەوەیە لە خوای گەورە، كەواتە ئەوەی ئەسڵەو فەرزە بەگوێكردن و شوێنكەوتن بێت نەك داهێنانكردن تیایدا، بە دەستەواژەیەكی فیقهیش بڵێین سەرفیترە كارێكی پەرستشییەو ناچێتە ژێر پێوانەگیری و ئیجتیهادەوە.

ئەمانە گرنگترینی ئەو بەڵگانە بوون كە ئەوانەی ڕێگرن لە دەركردنی سەرفیترە بە پارە لە كۆن و نوێدا پشتیان پێدەبەستن، بەڵام دەكرێ‌ بەمجۆرەی لای خوارەوە مشتومڕی ئەو مەسەلەیە بكەین:

أ- ئەو باسەی لە فەرموودە پیرۆزەكانی پێغەمبەردا صلی الله علیە وسلم هاتووە ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا ساعێك لە خورمای....تادوایی داناوە، ئەمەش لە داڕشتنی ئەو هاوەڵەیە لەوەدا كە پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم سەرفیترەی فەرزكردووە نەك ئەوە فەرموودەی پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم بێت بە شێوازێك كە ئەوە بگەیەنێ‌ ڕێگری كراوە لە دەركردنی بە جگە لەو، چونكە دەقێكی جێگیر و ڕاشكاومان لە پێغەمبەری خواوە صلی الله علیە وسلم نیە ئاماژە بێت كە ئەو سەرفیترەیە قەتیسكراوە لە ساع دا لە هەموو ئەو فەرموودانەدا كە لەوبارەیەوە هاتوون، گەورەترین بەڵگەش ئەوەیە كە كۆی زانا ڕێگرەكان ڕێگادەدەن بە دەركردنی یەك ساع لە گەنم لەجیاتی سەرفیترە، ئەمە لە كاتێكدا كە بەكۆی دەنگ لە فەرموودە ڕاست و ڕاشكاوەكاندا نەهاتووە، هەروەها زۆرینە ڕێگا دەدەن بە دەركردنی یەك ساع لە برنج لەجیاتی زەكاتی سەرفیترە، كە ئەمەش لە هیچ فەرموودەیەكی نە ڕاست و نە ڕاشكاودا نەهاتووە. 

جا ئەگەر ئەم پێوانەگیرییە ڕاست و پەسەند بێت ئیتر چ جیاوازییەك لە نێوان ئەو و نێوان ئیجتیهاد كردن بە دروستی دەركردنی سەرفیترە بە پارە هەیە، بەڵكو دیاریكردنی نرخی خورما یان جۆ كە لە دەقەكەدا هاتووە نزیكترە لەوەی جۆرەكانی تری دانەوێڵە بلكێن پێیەوە كە لە دەقەكانی شەریعەتدا نەهاتوون.

ب- لەڕاستیدا زەكات بە گشتی، زەكاتی سەرفیترەش بەتایبەتی نیە لەناو ڕێوڕەسمە تەنها پەرستشییەكاندا، بەڵكو لەو پەرستشانەیە كە دەچێتە ناو ئەو مانا ئەقڵگیرانەوە كە دەتوانرێ‌ ئیجتیهادی تێدا بكری، ئێمەش بینیمان كە كۆی زانا ڕێگرەكان ئیجتیهادیان كردووە، ئینجا كێشانەیان كردووە دەرهەق بە گەنم یان برنج یان هاوشێوەیان مادامێ‌ وێنای زۆرترین خواردنی شارەكە دەكات.

بەمجۆرەش ئەوا بەڵگەكەیان هەڵدەگەڕێنەوەڕو دەبنە بەڵگە لەسەریان، چونكە پابەند نەبوونە بەوەی كە پەرستشێكی رووتەو هیچ پێوانەگیرییەكی تێدا نیە، جا ئەگەر ئەم پێوانەگیرییە كە ئیجتیهادی تێدا كراوە دروست بێت كەواتە بۆچی نابێت ئیجتیهاد بكرێ‌ كە دروستە بە پارە بدرێ‌؟

ج- جگە لەوەش ئەوا ئەو باسەی لە فەرموودەكەی ئیبن عومەردا هاتووە كە سەرفیترە بە خورما و جۆ و كەشك دەبێت، ئەوە باس لە جۆرەكانی خواردنی ئەو چەرخەی كردووە، بە بەڵگەی ئەوە كاتێ‌ جۆرەكانی تریش هاتنە ناو باسەكە پشتیان پێبەسترا، هەروەك ئەبو سەعیدی خودری لەبارەی گەنمەوە وتوویەتی.

دووەم: ئەو زانایانەش كە رێگایانداوە سەرفیترە بە پارە بدرێ‌ پشتیان بەم بەڵگانە بەستووە:

1- دانانی زەكاتی سەرفیترەو مەبەستی شەرع لێی تێكردن و دڵخۆشكردن و بێنیازبوونی هەژارانە بە داواكردن لە ڕۆژی جەژندا،  بۆ خۆشی خستنە دڵیانە لە رێگای دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانیان، ئەمەش بەدڵنیایی لەم سەردەمەماندا بە زۆری بە پارە دەستەبەر دەبێت، تا ئەوان پێویستیە سەرەكییەكانیان بكڕن كە تەنها لە خورما و گەنم و جۆ و برنج و هاوشێوەیاندا تەواو نابن.

هاوەڵە بەڕێزەكانیش ئەم تێگەیشتنەیان بۆ سەرفیترە هەبووە، كە دەستكۆتا نەبوون تەنها بەوە كە پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم لە سەردەمی خۆیدا بڕیاری لەسەر داوە لەسەر خورما و جۆ و كەشك بەڵكو گەنمیشیان زیادكردووە، تەنانەت زۆربەیان نیو صاعیان لە گەنم یەكسان كردووە بە ساعێك لە خورما یان جۆ -هەروەك پێشتر باسكرا-.

2- لەڕاستیدا گەورەترین بەڵگە: ئەو بۆچوونەی موعاویەیە خوا لێی ڕازی بێت كە لە حەج یان عومرەكەیدا پێشنیاری كردووە بۆ هاوەڵە بەڕێزەكان كە نیو ساع لە بۆرەی گەنمی شام یەكسانە بە یەك ساع لە خورما، هەروەك هاوەڵی بەڕێز ئەبو سەعیدی خودری و هیتریش دەڵێن و هاوەڵانیش ڕەزامەندییان لەسەر داوە.

كەواتە ئەو كۆدەنگییەیان بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر دروستی دەركردنی بە پارە چونكە یەكسانكردنی نیو ساع لە گەنم بە ساعێك خورما لە ڕێگای پارەوە نەبێت جێبەجێ‌ نابێت، ئەم هاوكێشەیەش لە عومەرەوە خوا لێی ڕازی بێت -هەروەك پێشتر وترا- گێڕدراوەتەوە.

3- لە دەقی شەرعی ڕاست و دروستدا جێگیر بووە كە پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم و جێنشینە ڕاشیدەكان پارەیان لەجیاتی زەكاتی هەندێ‌ كەسانی دیاریكراو لە چەندین حاڵەتدا وەرگرتووە، وەك وەرگرتنی درهەم و دینار لە جێگای جیاوازی لە تەمەنی خوازراو لە زەكاتی وشتردا، كە باقیاتەكە مەزەندە كراوە بە دوو مەڕ یان بیست درهەم.

4- هەروەها كاتێ‌ پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم مەعازی نارد بۆ یەمەن تا زەكاتی فەرز كۆبكاتەوە، مەعاز پێیوتن: (بە نرخی پۆشاكی خەمیس یان لەبیس  بێنن بۆم بۆتان ئاسانترە لەوەی لە مەدینە هەیە لای كۆچبەران و پشتیوانان) بوخاری لە بەشی قسەكردن لەسەر زەكات گێڕاویەتەوە، گاوس وتوویەتی: (مەعاز بە خەڵكی یەمەنی وتووە: بە نرخی پۆشاكی خەمیس یان لەبیس بێنن بۆم لەجیاتی زەكات لە جێگای جۆ و گەنمەشامی  بۆتان باشترە....). بەیهەقی لە السنن الكبری دا بە ژمارە 4/113، والمحلی 6/25، گێڕاویانەتەوە، حافز ئیبن حەجەر لە كتێبی تعلیق التعلیق دا 3/13 بە سەنەدی ڕاست لە گاوسەوە گێڕاویەتەوە، بەڵام لە مەعازی نەبیستووە چونكە پچڕاوە، ئیبن ئەبی شەیبەش لە مصنفەكەیدا بە ژمارە 3/174 گێڕاویەتەوە.

 

چەندین بەڵگەی تریشیان هەیە لێرەدا بواری باسكردنیان نیە.

ڕەئی سێیەم: بەڵگەی ئەم بۆچوونەش، هەمان بەڵگەی ڕەئی دووەمن (رێگادەرەكان) لەگەڵ مەرجداركردنی بە بەرژەوەندییەكی بەهێزەوە، بەم پێیە ئەوا لەگەڵ ڕەچاوكردنی ئەو مەرجە دا ئیتر كار بە ڕێگادان بە پارە دەكرێ‌.

ڕای بەهێز:

لەدوای خستنەڕووی ئەو بەڵگانە بەپێی توانا، هەروەها لەدوای چەندین مشتومڕی زۆر دەربارەی ئەم مەسەلەیە كە كات بواری نەداین هەموویان بخەینەڕوو، بۆم دەركەوت كە ڕای دووەم بەهێزترە لەگەڵ توندوتۆڵكردنی بەوەی كە ئەهلی ڕەئی سێیەم وتوویانە كە دەركردنی بە پارە سوودی بۆ هەژاران زیاترە، بەم پێیەش ئەوا ئەگەر دەركردنی بە پێدانی خواردن و دانەوێڵە سودی زیاتر بێت ئەوا هەر ئەوە ئەسڵە، خوای گەورە زاناترە ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی ئەمەی خوارەوە:

یەكەم: هیچ ڕاجیاییەك لە نێوان فیقهناساندا نیە كە دروستە كار بە ڕواڵەتی دەقەكان بكرێ‌ و ساعێك لە خواردنی باوی ئەو شارە بدرێ‌ یان لەوەی كە فەرموودە پیرۆزەكە باسی كردووە (ئەوەش بەپێی وردەكاری پێشتر).

دووەم: جا بەو پێیە كە ڕاجیایی لە دەركردنی سەرفیترە بە پارە ڕاجیاییەكی زۆر بەهێزە، ئیتر نابێ ڕەخنەی لێڕبگیرێ‌، هەركەس كار بە فڵان ڕەئی بكات كارەكەی ڕەت ناكرێتەوە و هیچ یەك لە بۆچوونەكانیش بە خراپ ناناسرێ‌، چونكە ئەوە ڕاجیاییەكی ڕێگاپێدراوە و هەر موسوڵمانێك بۆی هەیە پرس بە دڵی خۆی بكات لە كاركردن بە ڕەئی ڕێگرەكان یان ڕێگادەرەكان، ئامۆژكاران و وتاربێژانی مزگەوتەكان بۆیان نیە ئەم مەسەلەیە لە وتاری ئامۆژگاری و وتارداندا بوروژێنن بۆئەوەی گرفت یان ژاوەژاو لە نێوان موسوڵماناندا دروست نەبێت، چونكە مینبەرەكان جێگای وروژاندنی ناكۆكییەكان نین، هەر ئەمەش ڕێبازی زانا خواناسەكانمانە كە ڕای جیاوازی ڕێگاپێدراو وەربگرن و ڕێزی لێ بگرن تەنانەت با ڕایەكی جیاواز بێت بەرانبەر بە ڕای ئەویتر.

سێیەم: بەدڵنیایی كە ئەم ئاینە لە پرسی بەخشین و وەرگرتن و لە بانگەواز و فەتوادا لەسەر ئاسانكاری و نەهێشتنی سەغڵەتی دامەزراوە، كەواتە دەركردنی زەكاتی سەرفیترە بە پارەی كاش كارێكی ئاسانترە لە دەركردنی بە خورما و جۆ و گەنم و هاوشێوەیان، جۆرێك لە سەغڵەتی و ناڕەحەتیش هەیە لە هەموو ئەو سەرفیترانەدا كە بە گەنم یان خورما یان برنج لە شارە گەورەكاندا لەم سەردەمەماندا دەدرێن، ئەمە لەپاڵ ئەوەدا كە ئەگەر لە ئەمڕۆدا بەو خواردنانە بدرێت ئەوا هەر هەموویان دەڕۆن دەیفرۆشن تا بە نرخەكەی پێویستییەكانی تریان بكڕن، لەلایەكی تریشەوە وادەبینین كە بەرنامەی پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم لە زەكاتدان و هیتریشدا لەسەر ئاسانكاری بۆ خەڵكی دامەزراوە، كەواتە هەر كەس ئەو ئەسڵەی كە فەرزە زەكاتی لێبدرێ‌ بەردەست نەبوو ئەوا جێگرەكەی وەردەگیرێ‌، یان جیاوازییەكە هەروەك لە زەكاتی وشتردا هەیە.

چوارەم: مەبەستەكانی شەریعەتی ئیسلامی لە زەكاتی سەرفیترە روونە، ئەویش بریتییە لە بەجێگەیاندنی پێداویستییەكانی كەسی هەژار، گومانی تێدا نییە كە پێویستییەكانی ئەمڕۆش بریتی نین تەنها لە خواردنی خورما و نانی گەنم یان برنج بەڵكو زۆرتر و فرەجۆرن، لەبەرئەوە پارە ئەو مەبەستانە باشتر دەستەبەر دەكات، كەواتە شایانی ئەوەیە پەسەند و قوبوڵ بێت ئەمە ئەگەر دەركردنی بە پارە باشتریش نەبێت، مەعلومیشە كە شەریعەت بونیاتنراوە لەسەر رەچاوكردنی بەرژەوەندییەكان بە هەموو جۆرەكانیانەوە.

پێنجەم:  ئەم وتەیە تەنها هی حەنفییەكان نیە هەرچەندە ئەمە بەسەو زیاتریشە، بەڵكو ئەوە رەئی كۆمەڵێك لە هاوەڵان و شوێنكەوتووانە، چونكە هەموو هاوەڵان یان شوێنكەوتووان ئەوانەی كە رێگایانداوە نیو ساع لە گەنم بدرێ‌ لە جێگای صاعێك لە جۆ یان خورما، ئەوە لەخۆیەوە نەهاتووە تا نەوترێ‌ كە نرخ بە هەڵسەنگاندن دەنرخێنرێ‌، بەم پێیەش ئەوە رەئی ئیبن عومەر و ئیبن عەبباس و موعاویە و هەموو ئەوانەیە كە كاریان بە رەئییەكەی كردووە كاتێ‌ لە حەجەكەی یان عومرەكەیدا خستییە پێشچاویان.

ئەو گوتەیەش كە دەڵێ‌ دەكرێ‌ راستەوخۆ نرخەكە بدرێ‌ ئەوە لای عومەری كوڕی عەبدولعەزیز و حەسەنی بەسری و ئەبو ئیسحاق و سەوری جێگیرە، هاوكات مەزهەبی زەیدییەكانیشە  هەروەك لە البحر الزخار دا بە ژمارە 3/202 هاتووە، هەروەها ئەوانی ئالوبەیتیش هەروەك لە السبیل الجرار بە ژمارە 2/86 هاتووە، بەهەمانشێوە گوتەی تاقمێك لە مالیكییەكانە وەك حەبیب و ئیبن ئەبی جازم و ئیبن دینار و ئیبن وەهەب.

پێشەوا حافز ئیبن ئەبی شەیبە لە بەشی پێدانی درهەم لە زەكاتی سەرفیترە 3/174 لە عومەری كوڕی عەبدولعەزیز و حەسەنی بەسری و ئەبو ئیسحاقەوە وتوویەتی: (من گەیشتمەوە پێیان كە زەكاتی سەرفیترەیان بە درهەم بە بەهای خواردن دەردەكرد)، ئەم گوتەیە لەم كەسە شوێنكەوتووەوە كە چاوی بە عەلی و تاقمێك لە هاوەڵان خوا لێیان رازی بێت كەوتووە بەڵگەیە كە دەكرێ‌ پارە (واتە بەهای) لەجیاتی ئەو خواردنە كە لەو سەردەمەدا بووە دروستە، كە چاكترینی سەدەكانە ئەویش سەدەی هاوەڵانە.

هەر لەمبارەیەوە یەكێك لە زانایانی وڵاتی یەمەن -كە حافز ئەبولفەیز ئەحمەد كوڕی موحەممەد كوڕی صدیق غەمارییە، خاوەنی كتێبە ناودارەكان -لە سەدەی چواردەیەمدا-  كتێبێكی نایابی داناوە بەناوی: تحقيق الآمال في إخراج زكاة الفطر بالمال ، كە مامۆستا نیزام یەعقوبی بڵاویكردووەتەوە، تیایدا رای زۆرێك لە هاوەڵان و شوێنكەوتووان و فیقهناسانی لە سەردەمە جیا جیاكاندا هێناوە لەگەڵ بەڵگەی باوەڕپێكراو، لە لاپەڕە 47-48 دا دەڵێ‌: (هەر كەسێ‌ شوێنكەوتە (مقلد) بێت ئەوا شوێنكەوتنی ئەو پێشەوایانەی بەسە با لە مەزهەبەكەی خۆیشی نەبن...، چونكە ئەوە لە هەموو مەزهەبەكاندا دروستە، بەڵام كەسێك كە خۆی لە زانایان و ئەهلی تێڕوانین و وەرگرتنی بەڵگە بێت با بزانێ‌ كە ئەم بەڵگانەمان بۆ ئەو مەسەلەیە لە لە چەند روویەكەوەیە) ئینجا بەڵگەكانی هێناوە، لەوانە: لە راستیدا وەرگرتنی بەها -واتە زەكاتی پارە- مەسەلەیەكی جێگیرە لە پێغەمبەری خواوە صلی الله علیە وسلم، هەروەها لە تاقمێك لە هاوەڵانی سەردەمی پێغەمبەر و سەردەمی دوای ئەویش، ئینجا هاتووە تا ئەوە بسەلمێنێ‌ سەنەدە متمانەپێكراوەكانی هێناوە.

پاشان جا ئەگەر ئەم رەئییە لەلای هەندێ‌ لە زانا هاوچەرخەكان وەك مامۆستا ئیبن باز و ئیبن عوسەیمین بە رەحمەت بن كاری پێنەكرا بێت، هەروەها لەلایەن زۆرینەی زانایانی سعودیەوە، ئەوا كۆی زانا هاوچەرخەكان لە وێنەی شێخە پێشووەكانی ئەزهەر لە سەدەی پێشوودا و زۆربەی زانایانی عیراق و شام و فەلەستین كاریان پێكردووە، مامۆستای پایەبەرزیش یوسف قەرەزاوی لە كتێبی فیقهی زەكاتدا 2/948-951 ئەمەی بەوپەڕی هێزەوە لاپەسەندە، تەنانەت فەتوایەكی دەستەجەمعی لە شەشەم كۆڕبەندی پرسە هاوچەرخەكانی زەكاتدا كە لە شارقە لە ساڵی 1996ز بەسترا بە دەق دەڵێ‌: (دروستە زەكاتی سەرفیترە بە پارەی كاش بە بەهای فەرزبوونی خواردن بدرێ‌، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ساڵانە ئەو بەهایە دەخەمڵێنن). 

ئەمەمان وت خوای گەورەش زاناترە

كۆتا نزاو پاڕانەوەمان سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان

درود لەسەر گەورەمان موحەممەد و لەسەر ماڵبات و گشت هاوەڵانی

 

لە نوسینی بەندەی ئاتاج بە بەزەیی پەروەردگاری

             . د. عەلی محێددین قەرەداغی

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان